ئێران داوا لە نەوشیروان مستەفا دەکات بگەڕێتەوە کوردستان

ئێران داوای لە نەوشێروان مستەفا کردووە بگەڕێتەوە کوردستان، تاوەکو لە رێگەی نزیککردنەوەی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییەوە، رێگە لە ھەژموونی پارتی بگرێت، لەلایەکی دیکەش لیستەکەی مالیکی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانە لەگەڵ گۆڕان لە دانوستاندایە.

 سەرچاوەیەکی ئاگەدار بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ئێران لە رێگەی کەسانی نزیک لە خۆیەوە لە ھەوڵی گەڕاندنەوەی نەوشیروان مستەفادایە بۆ کوردستان، تاوەکو بتوانێ لە رێگەی ئەوانەوە بۆ جارێکی دیکە (گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی) لە بەرەیەکی چوار حزبیدا کۆ بکاتەوە، دواتریش بیانخاتە بەرەی مالیکی لە عێراق و بەوەش ڕێگە لە ھەژموونی بارزانی و پارتی بگرێت لە ھەرێمی کوردستان کە لە ئێستا بەشێوەیەکی چڕ کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

 بەپێی سەرچاوەکە لە سەردانێکیدا بۆ مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشنیازی ئەوەی بۆ بەرپرسەکانی گۆڕان کردووە لەگەڵ یەکێتی یەک بگرنەوە.

 سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کە بەرپرسەکانی گۆڕان داوایان لە شاندە ئێرانییەکە کردووە کە ئێران فشار بخاتە سەر یەکێتی تا ھاوھەڵوێست و پشتیوانی گۆڕان بێت لە کێشەکانی لەگەڵ پارتی و تاکلایەنە لەگەڵ پارتیدا رێک نەکەوێت.

 بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی ئێران لە وەڵامدا بە گۆڕانیان گوتووە کە یەکێتی و گۆڕان ئەگەر یەکیش بگرن ھەر ناچار دەبن دواجار لەگەڵ پارتیش رێک بکەون، بەڵام بۆ ئەوەی لە رێککەوتن لەگەڵ پارتیدا بتوانن زۆرتر بپچڕن باشتر وایە بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی، گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتی و ببنەوە بە یەک حزب.

 سەرچاوەکە ھێمای بۆ ئەوەش کرد، دوورکەوتنەوەی نەوشیروان مستەفا و مانەوەی لە دەرەوەی وڵات، بەشی زۆری پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە ھەیە، بۆ ئەوەیە کە لە غیابی ئەودا بزووتنەوەکەی خۆیان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە بژارەی ھەرە گرنگ بۆیان گەڕانەوەیە بۆ ناو یەکێتی.

 سەرچاوەکە ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە زۆرینەی ئەندامەکانی پێیان باش بووە لەم قۆناغەدا یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی رێک بکەوێت، ھاندەری زیاتری ئەو ئاراستەیەی ناو گۆڕان بووە کە بە کردەوە کار بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو یەکێتی بکەن.

 بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئێران سەبارەت بەم پرسە داوای لە یەکێتی کردووە زەمینە بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی و یەکگرتنەوەیان، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی وتوویانە قبوڵیان نییە نەوشیروان مستەفا لەو رێککەوتن و یەکگرتنەوەیەدا کەسی یەکەم بێت، بەڵکوو تەنیا دەورێکی رەمزی و شکڵیی پێ بدرێت.

 لەلایەکی ترەوە، بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ٢٠١٧ و ھەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام بدرێت، ھەر لە ئێستاوە لیستە سەرەکییەکانی پەرلەمانی عێراق ھەوڵی ھاوپەیمانی و خۆ نزیککردنەوە لە لایەنەکانی دیکە دەدەن، لەو چوارچێوەیەشدا دەوڵەتی قانوونی مالیکی بۆ لایەنە کوردستانییەکان، چاوی لە گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامیییە.

 سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ماوەیەکە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، لەناو پەرلەمانی عێراق ھەوڵی خۆنزیککردنەوە لە لایەنە کوردستانییەکان دەدات و بۆ ھاوپەیمانیەتیکردن لەگەڵیاندا و دروستکردنی تەفرەقە لەنێوانیاندا، چەندین بەرژەوەندیی سیاسی و ئیداریی خستووەتە بەردەمیان.

 سەرچاوەکە راشی گەیاند، یەکەم ھەنگاوی دەوڵەتی یاسا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا بووە و ئێستا لە قۆناغی دانوستاندان.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، نووری مالیکی چەندین بەڵێنی سیاسی و پۆستی ئیداریی لە کۆبوونەوەیەکدا بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە، ھاوکات داواشی لێ کردووە لایەنەکانی دیکەی نزیک لە خۆیشی بۆ رازی بکات.

 بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە، پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ ئەو پرسە ھاوڕای یەکتری نین و چەند پەرلەمانتارێکیان پێیان وایە گۆڕان بە نزیکبوونەوەی لە مالیکی داھاتووی خۆی لە ناوخۆی کوردستان دەدۆڕێنێت.

 ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە دوا کۆبوونەوەی فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش لە عێراق، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجام دراوە، پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامییش کردووە، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بەھۆی ھاوپەیمانیەتی لایەنە ئیسلامییەکان لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئێستا بە باشی نەزانیوە بڕیار لەسەر ئەو پرسەیە بدات.

 ھەر بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، پێشتریش لە سەردانی مالیکی بۆ سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، مالیکی ھەمان پرسی باس کردووە و دوورکەوتنەوەی یەکێتی لە گۆڕان و نزیکبوونەوەی لە پارتی وەڵامدانەوەی یەکێتیی بۆ مالیکی راگرتووە، بەڵام لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا، بۆ ھەمان پرس خۆی لە فراکسیۆنی یەکێتی نزیک کردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی کە نزیکن لە مالیکی و گۆڕانەوە.

 لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی (زەمان پرێس)، (ئیبتیسام ئەلھیلالی) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاندووە، ئێستا کوتلەکەیان بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا لەگەڵ چەند لایەنێکی کوردستانی خەریکی دانوستانە.

(ئەلھیلالی) گوتووشیەتی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، کوتلەکەیان دەستی بە گفتوگۆ کردووە و لە سەرەتادا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ دەکات و ھەوڵ دەدات یەکێتیش بە لای ھاوپەیمانەتیییەکەدا رابکێشێ.

پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا، کە سەر بە (نووری مالیکی)یە، ئاماژەی بەوەش داوە ئەو گفتوگۆیانە بە مەبەستی گۆڕینی نەخشەی ھاوپەیمانەتییەکان و پێکھێنانی ھاوپەیمانیی نوێ دەکرێن.

بەپێی ھەواڵی میدیا فەرمییەکانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش، نزیکبوونەوەی فراکسیۆنەکانیان لە یەکتری بۆ کاری ستراتیژییە.

زانا سەعید رۆستایی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان تا ئێستا بۆ ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و مالیکی دانوستانیان نەبووە، گوتیشی: “ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی ھاوپەیمانیەتیکردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە پێویست نازانین، چونکە ھیچ شتێک بە دەوڵەتی یاسا نامانبەستێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا درک بەوە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ھەندێ لیستی عەرەبی دەیانەوێ لەگەڵ لیستە کوردستانییەکان ھاوپەیمانی دروست بکەن، بێ گومان لەگەڵ ھەموو لیستەکان ھەوڵی خۆیان دەدەن، گوتیشی: “پێمان وانییە ھاوپەیمانیەتیکردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا خیانەت بێت، چونکە ئەوە سیاسەت و ھەڵبژاردنە، تۆمەتبارکردن بە خیانەت لە شوێنی خۆی نییە”.

ئاماژەی بەوەش دا، لایەنە کوردستانییەکان نابێت بە ھیچ شێوەیەک دەرفەت بدەنە ھێزە دەرەکییەکان سوود لە جیاوازییەکانیان ببینن و پەرتەواوەیان بکەن، گوتی: “ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان خۆیان دەستی لایەنە دەرەکییەکان رانەکێشن، ئەوە ھیچ ھێزێک ناتوانێ نێوانمان تێکبدات”.

ئاشکراشی کرد، کۆبوونەوەی کۆمەڵ و گۆڕان یەکەم کۆبوونەوەیان نەبووە و پێشتر لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتووش دانیشتوون، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش دادەنیشن و مەبەستیان لەو کۆبوونەوانەش نەھێشتنی ناکۆکییەکانی نێوانیانە.

ھاوکات، مەسعود حەیدەر، کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان، کە ناکۆکە بۆ ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ مالیکی، بۆ (باس) رای گەیاند، نەمبیستووە دانوستان لەنێوان گۆڕان و دەوڵەتی یاسا ھەبێت بۆ ھاوپەیمانیەتی، گوتی: “سنووری ئێمە لە کوردستانە و بەرژەوەندییەکان دوورن لە دەوڵەتی یاساوە”.

 جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوان یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بە باشتر لە ھەموو ھاوپەیمانیەتییەک دەزانن و ناڕۆنە بەرەیەکەوە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت.

 بەڵام ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە بە یەکیک لە پەرلەمانتارە کوردە ھەرە نزیکەکان لە مالیکی ناسراوە، لە پۆستیکدا وێنەیەکی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیانی لەگەل فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ”ھەردوو فراکسیۆن رێک کەوتین“.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C