بارزانی لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبێتەوە و شاندێکی باڵا دەچێتە بەغدا

بارزانی، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و وەڵامێکی ھاوبەش بۆ پڕۆژەکەی ئەلحەکیم و پێکھێنانی شاندێکی کوردستانیی ھاوبەش لە حزب و پێکھاتەکانی کوردستان بۆ چوونی بۆ بەغدا و دانوستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان تاوتوێ دەکات. بەپێی زانیارییەکانی (باس)، وا بڕیارە دوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەفەرەکەی، لە دانیشتنێکدا بارزانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی کوردستان باس لە ئەجێندای سەردانەکەی بکات و تیایدا پێکھێنانی شاندێکی باڵا لە حزبە کوردستانییەکان بۆ چوونی بۆ بەغدا و دانوستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ حکوومەت و بەرپرسانی عێراق تاوتوێ بکرێت.

 ھەر بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا وەڵامێکی ھاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان بۆ پڕۆژەکەی (ئەلحەکیم)، کە لە ماوەی رابردوودا بە سەردانێک ھاتە کوردستان و پێشکەشی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی کرد، تاوتوێ دەکرێت و شاندەکە لەگەڵ خۆیدا وەڵامەکە دەگەیەنێتە ھاوپەیمانیی نیشتمانی.

 (باس) زانیویشیەتی کە پارتی و یەکێتی لە دواکۆبوونەوەیاندا لەسەر ئەو پرسە رێک کەوتوون و یەکێتی لە نەخشەڕێگەکەیدا ئاماژەی پێ داوە.

 بەپێی زانیارییەکان، بۆ ئەو پرسە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی تاوتوێی دوو پلانیان کردووە، یەکەمیان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بگەن بە رێککەوتن بۆ پرسەکانی سنووری نێوان ھەردوولا و دووەمیان ئەگەر رێککەوتن نەکرا، بە پشتبەستن بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، سەرکردایەتیی کورد لە ھەرێمی کوردستان بڕیاری ریفراندۆم بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بدات، کە ئێستا لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و دەپارێزرێن.

 جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە ھاوکات سەرپەرشتیاری یەکەی (٧٠)ی پێشمەرگەی یەکێتییە و ھاوەڵی بارزانی بووە لە کۆنفڕانسی ئاساییشی جیھانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیا و بەشداریی لە دیدارەکانی سێ رۆژەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان و ناوەندە سیاسییەکان، بۆ (باس) رای گەیاند، لە ھەموو ئەو دیدارانەدا باسیان لە سەربەخۆیی کوردستان کردووە و ھەڵوێست و پێشوازیی ئەو لایەنانەی لەگەڵیاندا کۆ بوونەتەوە، کە لە ئاستی باڵای نێودەوڵەتیدا بوون، ئەرێنی بووە، گوتیشی: ”بە کردار وادەی سەربەخۆیی کوردستان ھاتووە و وادەی ئەوەیە بەجدی و بە دانوستان ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بکرێت“.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C