پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە گۆڕان وەردەگیرێتەوە

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، کاتی گەڕانەوەی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نادیارە و ”بەبێ سوپڕایزیش ناگەڕێتەوە“، جەختیش دەکاتەوە کە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناکشێنەوە. سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە گۆڕان وەردەگیرێتەوە.
 نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە ئێستا تەندرووستیی نەوشیروان مستەفا جێگیرە، بەڵام کاتی ھاتنەوەی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نادیارە و ئێمە نازانین لە چ کاتێکی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە، چونکە ھەر کاتێک بزانێت تەندرووستی باش بووە، بێگومان ئەو کاتە لە پڕێکدا بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە".
 ھەروەھا باسی لە سوپڕایزەکەی نەوشیروان مستەفا کرد و ڕای ڕوونی کردەوە: ”ڕێکخەری گشتی، لەکاتی ھاتنەوەیدا سوپڕایزی پێ دەبێت و بەبێ سوپڕایز ناگەڕێتەوە، ھەر کاتێک نەوشیروان مستەفا گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوکاتە قسەی خۆی دەبێت".
 جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ھیچ زانیارییەک دەربارەی ئەو سوپڕایزە نازانن. لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، نەسرین جەمال گوتی:"مەرج نییە سوپرایزەکە کشانەوەی گۆڕان بێت لە حکوومەت، چونکە نەوشیروان مستەفا لەناو گۆڕاندا بڕیاری تاک لایەنە نادات، بەڵکو ھەموو ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی خاوەن بڕیاری خۆیانن، ھەرچەندە ئێمە گەڵاڵەی کشانەوەی حکوومەتمان کردووە و زۆرینەی بۆچوونی ئەندامانی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان ئێمە لە حکوومەت بکشێینەوە، بەڵام لەپێناو ئەوەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستان شەڕی نەگریسی داعش دەکات، ئێمە پرسی  کشانەوەمان لە حکوومەت دواخستووە".
هەر لەبارەی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەت، سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەگەرەکان بە شێوەیەکی گشتی بەو ئاراستەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتدا بمێنێتەوە، بەڵام پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان لێ وەربگیرێتەوە.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C