بڵومبێرگ: هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌نیوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێژه‌ی %13 به‌رزبۆته‌وه‌

له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م مانگه‌دا هه‌نارده‌ی نه‌وتی‌ عیراق به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا سێ به‌رزبۆته‌وه‌ و هه‌نارده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 13 به‌رزبۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ عیراق ڕازیبووه‌ به‌به‌شداریكردن له‌ پلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێنانی نه‌وتی جیهانیدا.

كۆتایی تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو، ئه‌ندامانی ڕێكخراوی ئۆپیك، گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین رێكه‌وتنی له‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ له‌دوای ساڵی 2008ه‌وه‌.

هه‌روه‌ها رۆژی 30ی‌ تشرینی دووه‌می ساڵی‌ ڕابردوو، به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت له‌ ڕێكخراوی ئۆپیك  رێكه‌وتن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خۆیان به‌بڕی (1.2) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا. وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیكیش، كه‌ 11 وڵاتن، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ به‌ڵێنیاندا به‌هاوبه‌شی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت به‌بڕی  نزیكه‌ی 600هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا  كه‌مبكه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كه‌ڵه‌كه‌بوونی نه‌وتی خاو له‌ هه‌نگاوێكدا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی.

ماڵپه‌ڕی‌ بڵومبێرگ به‌ پشتبه‌ستن به‌و داتایانه‌ی له‌بریكاره‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌وه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كان و به‌دواداچوونی داتای هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌،  له‌ 15 رۆژی ڕابردووی ئه‌م مانگه‌دا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عیراق بۆ (3.93) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا به‌رزبۆته‌وه‌،  ئه‌وه‌ش  به‌به‌راورد له‌ گه‌ڵ داتاكانی مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵدا هه‌نارده‌كردنی عیراق به‌بری 122 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا یان له‌سه‌دا سێ زیادیكردووه‌.

"داتاكان ده‌ریده‌خه‌ن هه‌نارده‌كردن له‌به‌نده‌ره‌كانی به‌سره‌ی باشووری عیراقه‌وه‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 10 زیادی كردووه‌ و هاوكات فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ باكووری وڵاته‌كه‌وه‌ زیادی كردووه‌"، به‌پێی ماڵپه‌ڕه‌كه‌.

له‌و كاته‌ی ئۆپیك و به‌رهه‌مهێنه‌رانی دیكه‌ پلانه‌كه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برنت به‌ رێژه‌ی 10% به‌رزبۆته‌وه‌.

به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ كه‌ له‌كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، عێراق ڕازیبووه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی له‌ ئاسته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی خۆی له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوه‌وه‌ كه‌ بریتی بووه‌ له‌ 3.91 ملیۆن به‌رمیل و ئۆپیك مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردووی وه‌كو پێوه‌ر رێكه‌وتنه‌كانی ده‌ستنیشانكردووه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ عیراق به‌نیازه‌ هه‌تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ كۆی به‌رهه‌مهێنانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌  (3.64 ) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا، به‌ڵام به‌هۆی بای به‌هێز و ناله‌باری كه‌شوهه‌وا و چه‌ندین ڕاوه‌ستانی باركردنی نه‌وتی خاو له‌به‌نده‌ره‌كانی باشووره‌وه‌  پێده‌چێت نه‌توانێت ئه‌و ئاسته‌ هه‌نارده‌بكات. 

هه‌روه‌ها به‌پێی پرۆگرامی باركردنی نه‌وتی خاوی عیراق له‌مانگی ئازاری داهاتوودا كه‌ كۆپییه‌كی ده‌ست بلومبێرگ كه‌وتووه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌نارده‌ی عیراق له‌ ئازاردا بۆ نزمترین ئاستی له‌ ماوه‌ی حه‌وت مانگی ڕابردوودا بێته‌خواره‌وه‌ و بگاته‌ (3.01) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا. هه‌روه‌ها به‌ هۆی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ له‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كدا ڕه‌نگه‌ یارمه‌تی عیراق بدات له‌وه‌ی پابه‌ندبێت به‌ به‌ڵێنه‌كانی له‌چوارچیوه‌ی رێكه‌وتنه‌مه‌ی ئۆپیكدا.  

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی ووزه‌ ئه‌م مانگه‌ ڕایگه‌یاند، عیراق له‌ مانگی ڕابردوودا به‌بڕی 110 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا  هه‌نارده‌ی خۆی كه‌مكردۆته‌وه‌ و ئۆپیك كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی ده‌ستی دووه‌مه‌وه‌ وه‌كو شرۆڤه‌كاران و به‌دواداچوونی باركردنی نه‌وتی خاو له‌ پاپۆڕه‌ نه‌وت گوێزه‌ره‌وه‌كانه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ عیراق به‌گشتی له‌مانگی ڕابردوودا به‌رهه‌مهێنانی خۆی به‌بری 166 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا كه‌مكردۆته‌وه‌. 

-1°C

New York

Mostly Sunny

Humidity: 66%

Wind: 35.40 km/h

  • 16 Dec 2017 2°C -5°C
  • 17 Dec 2017 1°C -3°C