سەرۆكی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سكرتێری گشتیی یوئێن، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كۆ بووه‌وە.

شەممە 18ـی 2ـی 2017، لە دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیا و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (شێخ خالد ئەلجەراح) جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆی كوەیت و شاندی یاوەری كۆ بۆوە.

لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان و كوەیت كرد و جەختی لە فراوانتربوون و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە كردەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا شەڕی داعش و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەڕووی سەربازی و فكری و ئابووریی تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە جێگری سەرۆكوەزیرانی كوەیت ڕایگەیاند كە حكوومەتی كوەیت خۆشحاڵ دەبێ كە لە كوەیت پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) بكات.

 


لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە هەردوو حزبی دیموكرات و كۆماریخواز بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر (جۆن مەكین) كۆ بۆوە.

لەو كۆبوونەوە بەرفراوانەدا شاندی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریكا جەختی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا كردەوە و سوپاس و پێزانیان بۆ ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش هەبوو و سەرەخۆشیشیان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا شەهید بوونە.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی كوردستان و مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس و پەیوەندییەكانی كوردستان و ئەمەریكا ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دانیشتنەدا شاندی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریكا كۆمەڵێك پرسیاریان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.

 


هەر لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكە (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (توماس ئۆپەرمان) سەرۆكی حزبی سوسیالدیموكراتی ئەڵمانیا كۆ بۆوە.

لە دیدارەكەدا باس لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و سەرۆكی حزبی سوسیالدیموكراتی ئەڵمانیا دەستخۆشی لە پێشمەرگە كرد كە قارەمانانە تیرۆریستانی داعشی شكست داوە.

 


كۆبوونەوە لەگەڵ (ئەنتۆنیو گۆتیرس) سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وێستگەیەكی دیكەی چالاكییەكانی (سەرۆك بارزانی) بوو لە دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانیی میونیخ.

لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) سكرتێری تازەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەك دۆستێكی دێرین وەسف كرد و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ئەركەكەیدا لێ كرد.

لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و هەروەها بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.

 


هەر لە هەمان ڕۆژدا (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كۆ بۆوە.
لە دیدارێكی دۆستانەدا (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی لە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك جێگری سەرۆك و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە بوارە جۆراوجۆرەكان تاوتوو كرا و بە تێروتەسەلی باس لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا.

ئاییندەی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و هەردوولا  جەختیان لە بەردەوامیی و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.

 


پاش ئەو كۆبوونەوەیە (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی شاری مووسڵ و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی ئەو شارە و شەڕی داعش كرا.

 


لە درێژەی چالاكی و دیدارەكانی لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆكی هەرێمی لەگەڵ (مانفرێد ڤیبەر) سەرۆكی گرووپی محافزەكاری نێو پارلەمانی ئەورووپا كرد كە گەورەترین گرووپی پارلەمانیی پارلەمانی ئەورووپایە.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی گرووپی محافزەكاری پارلەمانی ئەورووپا پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە هەبوو لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و دەستخۆشی لە سەركردە و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و ڕایشیگەیاند كە گرووپەكەی پشتگیریی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دەكات.

هەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئاوارەكان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارە و لێقەوماوان و هەروەها بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرا.

هەر لە دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی لەگەڵ (ئەنجلینا ئاڵفانۆ) وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كۆ بۆوە.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕایگەیاند كە هاتووە بە (سەرۆك بارزانی) بڵێت كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پشتگیریی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئیتالیایش لایەنگری ئەو پشتگیرییەن. ئەوەیش خستەڕوو كە لە ئاییندەدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

 

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 18ـی 2ـی 2017 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆكی هەرێمی کوردستان لەگەڵ (ئۆرسەلا ڤۆندرلاین) وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆ بۆوە.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا وێڕای دەستخۆشیكردن لە (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەر لەو دیدارەدا پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و فراوانتركردنی ئەو پەیوەندییانە تاوتوو كرا.
بارودۆخی شاری مووسڵ و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه‌ له‌و كۆبوونەوانەدا (محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود) سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و (شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا) ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و فه‌ریقی یه‌که‌م (عومه‌ر عوسمان) ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دکتۆر (فواد حوسێن) سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و (ئه‌نوه‌ر حاجی عوسمان) بریکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و (هێمن هه‌ورامی) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان یاوه‌ری سەرۆك بارزانی بوون.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C