ئێران جارێکی دیکە بانگهێشتی بارزانی دەکات سەردانی ئەو وڵاتە بکات

جارێکی دیکە حکومەتی ئێران بەفەرمی و لەرێگەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکات.

رۆژی هەینی 17-2-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەروەی ئێران کۆبووەوە.

هێمن هەورامی راوێژکاری بارزانی و ئەندامی شاندی بارزانی بۆ میونشن بە رووداو ی راگەیاند: "کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو و لە کۆبوونەوەکەدا جەواد زەریف داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەکاتی گونجاو و بەشێوەی رەسمی سەردانی ئێران بکات".

داواکەی زەریف لە بارزانی لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوو چەندجارێک ئێران داوای لە بارزانی کردووە سەردانی ئەو وڵاتە بکات بەڵام تاوەکو ئێستا بە هۆکارێکی نادیار ئەو دیدارە ئەنجام نەدراوە.

دیدار و کۆبوونەوەکانی بارزانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەگوتەی هێمن هەورامی زۆر چڕ و پڕ دەبێت و نزیکەی 10 دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات، وەک دیدار لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و چەند دیدار و کۆبوونەوەی دیکە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 17-2-2017، کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی له‌ میونشن، بە بەشداری 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیری وڵاتانی جیهان، 80 وەزیر و زیاتر لە 500 ئەندامی باڵای وڵاتان دەستیپێكرد، تاوەكو ئێوارەی 19ی مانگیش بەردەوام دەبێت.

مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆنفرانسەکەی کردووە و رۆژی هەینی 17-2-2017 لەگەڵ جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ، ئێدوارد نەعلبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C