پێكەوە كەركووكمان دەوێ كەركووكمان بۆ هەموومان دەوێ

ئازا حەسیب قەرەداخی
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لەناو ئەنجوومەن و هەموو دامودەزگاکانی ئەو پارێزگایەدا بە رەسمی هەڵکرێ. بۆ ئەم بڕیارەی پشتئەستوور بوو بە ماددە دەستوورییەکان و ئیرادەی کوردستانیانەی هەمووان. ئەمەیش ریفراندۆمێکی راستەقینە بوو بۆ هەنگاوی داهاتوو کە گەڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

ویڕای پیرۆزبایی. لێرەدا یەک راستی دووپات دەکەمەوە کە بەر لە حەوت ساڵ لە وتارێکمدا لەم رۆژنامەی هه‌ولێری ئازیزەدا بڵاوم کردووه‌تەوە، ئەویش راستییەکی زۆر سادەیە کە پێکەوە کەرکووکمان دەوێ و کەرکووکمان بۆ هەموومان دەوێ. لە 26/12/2009دا نووسیومە: یەكێك لەو حەقیقەتە جێگرانەی لە فەلسەفە و تێڕوانینی سیاسیی سەرۆك بارزانیدایە سەبارەت بە كەركووك ئەوەیە كە "كەركووك شارێكی فرەنەتەوە و پێكهاتەیە، ناسنامەكەی كوردستانییە". لەم سەرەتاگەیەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێ كە سەرۆك بارزانی كەركووكی تەنیا بۆ كورد ناوێ بەڵكو كەركووكی بۆ كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتە ئیتنیكی و ئاینییە جیاجیاكان دەوێ كە بە رەسەن دانیشتووی ئەم شارەن.

هاوكات سەرۆك بارزانی نایەوێ تەنیا كورد داوای گەڕانەوەی كەركووك بكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەیەوێ هەموو ئەو پێكهاتانە داوای وەرگرتنەوەی ناسنامە كوردستانییەكەی كەركووك بكەن. كەواتە ناسنامەی كوردستانیی كەركووك هەرگیز ئەوە ناگەیەنێ كە كورد دەیانەوێ شارەكە بۆخۆیان قۆرخ بكەن و ئەوانی دیكەی لێ بێبەش بكەن، هەروەكوو هەندێ لایەنی رەگەزپەرست و ئاژاوەگێڕ پڕوپاگەندە دەكەن و هەندێ دەستی دەرەكیش هانی ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە دەدەن.
بەڵكو ناسنامەی كوردستانیی كەركووك ناسنامەیەكی نیشتمانییە لە رووی جوگرافییەوە كە كەركووك بەشێكە لە هەرێمی كوردستانی عێراق. ناسنامەی كوردستانیی ناسنامەی نەتەوەیی قۆرخكەرانە نییە، بەڵكو تەئكیدكردنەوەیە لەسەر فرەپێكهاتەیی نەتەوەیی و ئیتنیكی و ئایینی كە هەموویان لەسەر خاكی ئەم شارە كوردستانییە دەژین.

هیچ شوێنێك لە عێراقدا هێندەی هەرێمی كوردستان لە رووی نەتەوەیی و ئیتنیكی و ئایینییەوە جۆراوجۆر و رەنگاڵە نییە، كەچی لە هیچ شوێنێكی عێراقدا هێندەی هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی و تەباییی كۆمەڵایەتی بەرقەرار و فەراهەم نییە. پارێزگای مووسڵ كە شان بەشانی هەرێمی كوردستانەوەیە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئاژاوە و تیرۆر و سڕینەوەی نەتەوەیی و ئەتنیكی و ئایینییە. پارێزگای وا هەیە لە عێراقدا هەموو دانیشتوانەكەی عەرەبن، بەڵام بەشێكیان سوننە و بەشێكیان شیعەن، یەكتر قڕدەكەن.

لە عێراقی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدا ئێزدییەكان جینۆساید دەكرێن، ئاشووری و كلدان قڕ دەكرێن و رادەگوێزرێن، سابیئەكان دووچاری هەڵمەتی سڕینەوەن، توركمان قەڵاچۆ دەكرێن. تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا كە سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و حكومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات، نەتەوەكان ئازادن، ئایینەكان ئازادن، ئیتنیكە جۆراوجۆرەكان ئازادن.

خاوەنی حزب و رێكخراوی سیاسی و مەدەنی و كلتووری خۆیانن و بە زمانی دایك دەخوێنن، تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رۆژنامەیان هەیە. دەژین و ترسیان لەسەر ژیان و ماڵ و موڵك و كاریان نییە. دەژین و بۆنە ئایینی و نەتەوەییەكانیان ئازادانە پەیڕەو دەكەن و ئەوانی دیكەش بە پیرۆزبایی و بەسەركردنەوە بەشدارییان دەكەن.
بۆیە پێویستە دووبارە ئەوە دووپات بكەمەوە كە كورد كەركووكی بۆ هەمووان، بۆ كورد و توركمان و عەرەب و ئاشوور كلدان و سوننە و شیعە و مەسیحی و ئیزدی و شەبەك دەوێ، تا ئەوانیش وەكوو هاوڵاتییەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا هاووڵاتی دەرەجە یەك بن، بێ ترس بژین، ئازادانە بژین. بەشێكی كاریگەر و پۆزەتیڤ و راستەقینە بن لە كۆمەڵگای كوردستان و پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سەروەرییەكانی هەرێمدا لە پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و دامودەستگاكانیدا خاوەنی پێگە و دەنگی راستەقینەی هاوشان بن.

9°C

New York

Showers

Humidity: 84%

Wind: 28.97 km/h

  • 18 Nov 2017 11°C 1°C
  • 19 Nov 2017 12°C 5°C