فەرماندەی پەکەکە لە شنگال: قەبوڵ ناکەین شنگال بخەنەوە سەر هەرێمی کوردستان

فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کە هێزی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە شنگال و ئەو ناوەی هەڵگرتووە، ڕای گەیاند، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە سەربەخۆیی کوردستان نادەن و خۆیان بۆ شەڕێکی گەورە دژی پێشمەرگە ئامادە دەکەن.

 سەعید حەسەن، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کە هێزی پەکەکەیە لە شنگال، لە میانی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، باسی لەوە کرد کە ئەو شەڕەی لە شنگال ڕووی داوە، شەڕی نێوان ”پێشمەرگە و عێراقییەکانە“.

 جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پەکەکە بۆ پارێزگاریکردن لە عێراقیبوونی ئێزدییەکان چووەتە شنگال. دەشڵێت: ”دەیانویست خۆیان شنگال و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکە لە دەست داعش دەربهێنن و بیخەنە سەر هەرێمی کوردستان و دواتر دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن، ئێمە ئەوە قەبوڵ ناکەین“.

 ئەو سەرکردەیەی پەکەکە لە شنگال ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئامانجی پێشمەرگە ئەوەیە، ”شنگال بخرێتە سەر کوردستان و دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەندرێت“. بۆیە دەڵێت: ”بەهیچ شێوەیەک ئەوە قەبوڵ ناکەین و ڕێگەی پێ نادەین“.

 لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندەکەی پەکەکە لە شنگال، ئەوەی ڕەت کردووەتەوە کە نیازی کۆتاییهێنانیان بە شەڕ هەبێت و دەڵێت: ”ئێستا شەڕ وەستاوە، پەیوەندی بە فەرمانی سەربازییەوە هەیە، بەڵام کێشەکە کۆتایی نەهاتووە، پێمانوایە کە دووبارە شەڕ ڕوودەداتەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجارەش گەورەتر دەبێت. ئێمە بوونی ئەو هێزانە لەو شوێنە قەبوڵ ناکەین“. داواشی لە حکوومەت و گەلی عێراق کردووە، ”لەپاڵ عێراقییەکاندا بوەستن“.

 ئەم هەڵوێستەی پەکەکە لە کاتێکدایە کە ساڵەهای ساڵە گەلی کوردستان خەبات لە پێناو سەربەخۆییدا دەکات و دوای سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکییەی ڕۆژی 3\3\2017 لە شنگال ڕووی دا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەیان دا و وەک نیازپاکییەک، ئەو چەکدارانەی پەکەکەیان ئازاد کرد کە دەستگیر کرابوون.

 ڕۆژی یەکشەممە 5\3\2017، فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەکەکە هێزێکی زۆر و چەکی قورسی بۆ ناوچەی شنگال گواستووەتەوە. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو شەڕە گەورەیەی کە فەرماندەکەی پەکەکە لە شنگال باسی لێوە کردووە.

 

-1°C

New York

Mostly Sunny

Humidity: 66%

Wind: 35.40 km/h

  • 16 Dec 2017 2°C -5°C
  • 17 Dec 2017 1°C -3°C